فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی 2ی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتی زیاتریان دەکەن لەڕوی پێدانی چەک و تەقەمەنییەوە، لەدوای ئەوەی لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاوێنه: لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی 2 بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووه، "دوای ئەوەی خراینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاری هاوپەیمانان زیادیکردووە بۆمان، هاوپەیمانان بەپێی بەرنامەی خۆیان هاوکارییان کردوین."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک کە تایبەتە بەبەکارهێنانی چەکە قورسەکان سەر بە پارتی و پشتیوانی دووش سەر بەیەکێتی نیشتمانییە، لەمانگی یەکی ساڵی ڕابردوەوە خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد دەڵێت، "هاوپەیمانان لەسەردەمی شەڕی داعش دا پاڵپشتییان دەکردین، بەم دواییانەش کەتیبەیەکی مەدفەعیان بۆ دروستکردووین، ئالیات و چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەکانی ئەو کەتیبەیان پێداوین، هەروەها هەمەری سەربازییان بۆ کەتیبەیەکی ترمان دابینکردووە."
مانگانە هێزەکانی هاوپەیمانان نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکەن، بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەت ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەکخراونەتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی 2ی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە ڕونیکردەوە، تا ئێستا بودجەو موچەی هێزەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وتیشی، " هاوپەیمانان داوای هەندێ ڕێکاری یاساییان لێکردووین، بەڵێنییانداوە دواتر موچەو بودجەمان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ دابین بکرێت."
هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام لەگفتووگۆدان لەگەڵ یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێم، داوای دوور خستنەوەی دەستی حزب لە هێزە چەکدارەکان و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن.
لیوا روکن مەریوان وتی، "هێزی پشتوانی یەک و دوو لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
ئهوهشی وت، "ئیش و کارەکانمان خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام واجباتمان و ئەو ناوچانەی بۆمان دیاریکراوە بیپارێزین وەکو خۆی ماوە."