پارتی: هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکەن
  2023-04-29       593       

ئەندامێکی شاندی دانوستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن جەختی لەوەکردەوە، حیزبه‌كه‌ی‌ بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە، "بەڵام هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکەن".

ئاوێنه‌: عەبولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی له‌لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ جەختی لەوەکردەوە كه‌ هەڵبژاردن پێویستە لەکاتی خۆیدا بکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ناترسێت.

باسی لەوەشکرد، هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکەن و ناینەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدابکرێت.

بەرواری ئەوەشی خستەرو، "لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایتییەکانی وڵاتان جەختی کردوە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە و پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت."

ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی بۆ هەڵبژاردن راشیگەیاند، دیموکراسی هیچ مانایەکی نابێت ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت.

سەبارەت بەو بارودۆخەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، عەبولسەلام بەرواری، ده‌ڵێت، "ئەو بارودۆخەی ئێستا بەردەوام بیت ئومێدم نییە هەڵبژاردن ئەنجامبدریت".

هەروەها وتی، "پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا بڕیار بدات و بڵێت، پێویستە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت، رەوایەتی پێبدات و لاری نەبێت".

بڕیاره‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتو كۆبونه‌وه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ ئه‌نجامبدرێت له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی یاسایی ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان.

سكاڵاكه‌ له‌لایه‌ن جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوه‌، پێشبینی دەكرێت دادگا دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات‌. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×