وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لهڕونكردنهوهیهكدا ڕایگهیاندووه، داخستنی ڕێگاکان لەلایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بەرێگریکردن بەتێپەڕبونی بارهەڵگر بەناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی هاتوچۆو بەتایبەتیش بارهەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆو سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لەپارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن.
ئاوێنه: لەدژی خراپبونی رێگەوبانەکانیانو هاتوچۆی بارههڵگرهكان بهو ڕێگایهدا، چهند ڕۆژێكه خۆپیشاندانی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری سماقوڵی دەستیپێکردووەو چهندجارێك رێگەی هەولێر – سلێمانیان داخستووە.
لهڕونكردنهوهكهی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردندا هاتووه، "ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن."
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه -چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لەنێوان هەولێرو سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە هەولێرە بەهەر پێنج قۆناغەکەیەوە.
دهقی ڕونكردنهوهكه:
رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی:
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.
لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتوە لەم رێگایانە:
ا- رێگای هەولێر-کۆیە-دوکان
ب-رێگای هەولێر-سماقوڵی-دوکان
ج-رێگای هیران-شەقڵاوە
د- رێگای دۆڵی بالیسان
ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە ١٥٠٠٠ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا ٣٠٠٠ تانکەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.
ئێمە وەک وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی نزیکەی ٤٢ ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبهێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بوە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارهەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی هاتوچۆ و بە تایبەتیش بارهەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
ھاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی ٢٠٢٣ وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی.
لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین؛ تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردو ھەمیشە لەخزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بوە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن
٢٠٢٣/٤/٣٠