یەکێتی و گۆڕان: دەبێت تەباتربین
  2023-05-01       827       

دوای کۆبوونەوە هاوبەشەکەیان کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ئاوێنه‌: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کرا.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی هەردوولادا هاتووە:" لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە  ئەمرۆ دووشەممە لە دەباشان بەڕێوەچوو، بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کرا و جەختیان لە گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە".

ئاماژە بەوەشکراوە:" دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێت نە لە بەرژەوەندی خەڵکە و نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە".

باسی لەوەشکراوە:" بەدرێژەدان لەقسە کردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانیش بێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×