حکومەتی هەرێم، دواى نزیکەى ساڵێک مۆڵەتدان بە هاوڵاتییان تاکو چەکە نایاساییەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، بڕیارى داوە لە ٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٣ ــەوە، ڕێکاری یاساییی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکرانە بگرێتە بەر کە چەکی بێمۆڵەتیان پێوە دەگیرێت. بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەكاتی گرفتە كۆمەڵایەتییەكاندا لەبری پەنابردن بۆ چەك و توندوتیژی پەنا بۆ یاسا بەرن.
ئاوێنە: هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، بە پێگەی حكومەتی هەرێمی راگەیاند"٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٣، وەکو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دانراوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیەنرابون و بڵاوکرابونەوە، تاکو هاوڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن. ساڵێک بەس بو بۆ هۆشیارکردنەوەو ئاگاداریی خەڵک تاکو چەکەکانیان لاى حکومەت تۆماربکەن، ئەوەى مەبەستی بوبێت چەکەکەى تۆمار بکات، کردویەتی. ئەو چەند مانگەى ماوە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە ٢١ى تەمموز بارودۆخەکە لەڕوی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەى ١٥ لە یاساى ژمارە ٢ى ساڵی ٢٠٢٢، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دو ملیۆن تاکو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت."
لەبارەى بەردەوامیی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و ڕوبەڕوبونەوەى توندوتیژیی چەکداری، هێمن میرانی وتی: "تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لەپاڵ ئەوەش مەفرەزەى جۆراوجۆرو پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکاربن و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیربکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت."
لەبارەى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییانیش لەوبارەیەوە وتی "پێویستە هاوڵاتییان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنا نەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکو پێویستە پەنا بۆ یاساو گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەى پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەى توندوتیژانە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوەو چارەسەریشی قورستر دەکات."