ئاسایش: دو تیرۆریستی داعش لە سلێمانی دەستگیركران
  2023-05-01       671       

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، دەستگیركردنی دو داواكراوی بە ماددەی 4ی تیرۆر راگەیاند. دەڵێت، ئەو دو كەسە سەر بە رێكخراوی داعشن و لە دو هەڵمەتی جیادا لە پارێزگای سلێمانی دەستگیركراون و یەكێكیان بە برینداری كەوتۆتە دەست هێزەكانیان.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە "لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچون و کارکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵگەمان دەستکەوت لەسەر بونی دو تیرۆریستی لە یاسا هەڵاتو کە لە شارەکانی عێراقەوە هاتونەتە شارەکانی هەرێم بەمەبەستی خۆحەشاردان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگی و هاریکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق هێزەکانمان لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردو سەرەنجام لە شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٤/٣٠ لە دو هەڵمەتی جیادا هەردو تیرۆریست (س. مز ع.)و (ر. م. ع.) کە داواکراوبون بەماددەی (٤)ی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیراکران کە یەکێک لە داواکراوان بە برینداری دەستگیرکرا."

ئاماژەی بەوەشداوە كەیسەكە "دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەکرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×