ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێی وایە "گەرموگوڕی كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن بەهۆی پارتییەوە ساردبوەتەوە." دەشڵێت"یەكێتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە 11 بە سفر لە بەرژەوەندی پارتی دەستپێبكات."
ئاوێنە: ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، بەسایتی رەسمی حزبەكەی راگەیاند: "گەرموگوڕی كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن بەهۆی پارتییەوە ساردبوەتەوە، ئەگەر ناكۆكییەكانی نێوانمان پرسی هەڵبژاردن بێت، ئەوا یەكێتی بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی ناوەو داوای كۆبونەوەی لەسەر ئەو پرسە كردوە".
ستران عەبدوڵا راشیگەیاند"یەكێتی سەقفی داواكاری هەڵبژاردنی بەرز نەكردوەتەوەو تەنها وەك رابردو داوای خەڵكی هەیە، بەڵام ئەوە پارتییە بەڵێنەكەی ناباتە سەر، لەكاتێكدا ئێمە هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رەتناكەینەوە، وەك هەمو جارێك بۆ هەڵبژاردنیش لەسەر داوای یەكێتی، پارتی هەنگاوێكی ناوە، بەڵام بەكردار جێبەجێی نەكردوە".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا كە "یەكێتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە 11 و سفر لەبەرژەوەندی پارتی دەستپێبكات، بەپێچەوانە دەیەوێت هەمو حزبەكان لە پرۆسەیەكی تەواو دیموكراسیدا سەنگی خۆیان بزانن." وتیشی"لەئێستادا پرسی پێكهاتەكان لەسودی پارتییە، بۆیە نایەوێت لەسەر پرسی پێكهاتەكان رێكبكەوێت، هەر بۆیە یەكێتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە بەمسۆگەری پارتی 11 كورسی دەستەبەر كردبێت، بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنێكی دەوێت تەواو دیموكراسی بێت و لایەنەكان سەنگی خۆیان بزانن."
ئەوەشی خستۆتەڕو"یەكێتی سەرچاوەی گرفتەكان نییەو بەپێچەوانەشەوە هەموكات دەستپێشخەری بۆ چارەسەری كێشەكان كردوە، وەك ئەوەی لەپرسی هەڵبژاردندا بینیمان كە دەستپێشخەری یەكێتی بو، بەڵام پارتی تا شوێنێكی دیاریكراو لەگەڵ یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان هەنگاو دەنێت پاشان پاشگەز دەبێتەوە".
بەقسەی ستران عەبدوڵا، "لایەنەكانی هەرێم تەئكید لە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن دەكەنەوە و نایانەوێت لایەنێكی دیاریكراو ئیرادەی خۆی بەسەر پرۆسەكەدا بسەپێنێت."