محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، بڕیارەكەی كۆمەڵ بۆ كشانەوە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتی خۆجێی سلێمانی، پێشنیاری سەرۆكی حزبەكەیان بوە. دەشڵێت، "هیچ گرەنتییەك نییە كە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."
ئاوینە: ئەمڕۆ دوشەممە، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا نوێنەرانی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتی خۆجێی سلێمانی، دەستلەكاربكێشنەوە.
محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵ لەوبارەیەوە بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند"بڕیارەكە پێشنیاری مامۆستا عەلی باپیر بو" و "بەم بڕیارە كۆمەڵی دادگەری دەست لە 17 پلە هەڵدەگرێت."
محەمەد حەكیم ئاماژەی بەوەشداوە "نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ڕێككەوتنی لایەنەكان بێئومێد بون." پێشی وایە"هەڵوێستەكەی كۆمەڵ دەبێتە پاڵنەر و فشار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن." بەڵام وتیشی"هیچ گرەنتییەك نییە كە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."
هەر سەبارەت بە بڕیارەكەی حزبەكەیان محەمەد حەكیم وتی"ئێمە حزبی سیاسیین و لە پڕۆسەی سیاسی نەكشاوینەتەوە."
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە وتەبێژی كۆمەڵ وتی"ململانێی پارتی و یەكێتی گەیشتوەتە ململانێی ئەمنی" و "هەیبەت و قورسایی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەق بوە."
وتیشی"چاوەڕێ دەكرێت لە بەغدا تانە لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بدرێت."