نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری هۆشداریدا لە زیادبونی کورتهێنانی دارایی لە بودجەی ساڵی 2013 لە ئەگەری بەردەوامبونی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە و رایگەیاند، مانگانە دەبێت بەغدا 650 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکات.
ئاوێنە: نەبیل مەرسومی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان پێویستی بەوەیە کە بەغدا بە نیو ملیار دۆلار، واتە مانگانە 650 ملیار دینار موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، ئەمەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023 زیاتر دەکات.
ئەوەشیخستەڕو، "سەرەڕای ئەوەی کە دەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت، لەهەمانکاتیشدا راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی داهات دروستدەکات و بۆئەوەش جارێکی دیکە کورتهێنان زیاتر دەبێت".
مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ عێراق 450 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی خاوی ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی باکوری کەرکوک ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتەکەی دۆسیەی ناوبژیوانی درێژخایەن لە دژی تورکیا بردەوە.
لە دۆسیەیەکدا کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، بەغدا گومانی ئەوەیخستەڕو کە تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێلکردوە، بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
رۆژی 4ی (نیسان/4)ی 2023، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکیان لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ دەرەوە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.