وەفدێكی یونامی بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە
  2023-05-02       435       

وەفدێكی یونامی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆبونەوە. رێكخەری ژوری دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: یونامی بێزارن لە كێشەكانی نێوان هێزەكانی دەسەڵات و بەگرنگی دەزانن هەڵبژاردن چیتر دوانەخرێت، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانە ئامادە نین كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ سێشەممە، ریکاردۆ رۆدریگێز، بەرپرسى ئۆفیسى هەولێرى یۆنامى بە نوێنەرایەتى نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کردو لەلایەن وەفدى گۆڕان بە سەرۆکایەتى عومەر سەید عەلى و رێکخەرى ژورى پەیوەندىیە دیپلۆماسی و سەرپەرشیارانى ژورى هەڵبژاردن و سەرچاوە مرۆییەکان پێشوازیان لێکرا.

لەارەى ئامانجى سەردانەکە و ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە، هۆشیار عومەر عەلى، رێکخەرى ژورى پەیوەندی دیپلۆماسى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەند"ئامانجى سەردانەکەى وەفدى یونامى بۆ وەرگرتنى بۆچونى بزوتنەوەى گۆڕان بو سەبارەت بە پرسى هەڵبژاردن، لە کۆبونەوەکەدا ئەوەمان رونکردەوە کە بڕواى نەگۆڕى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە هەڵبژاردن مافێکى خەڵکە و هیچ هێز و لایەنێک بۆى نییە ئەو مافە لەخەڵک وەربگرێتەوەو دوپاتیشمان کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان دوساڵ لەمەوبەر و پێش سەرهەڵدانى ئەم قەیرانە لە (31/3/2021) وەک یەکەم هێزى سیاسى و لەڕیگەى فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیەوە پڕۆژە یاساى بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن پێشکەشکرد، بەڵام لەو کاتەدا نە هیچ لایەنێک پڕۆژەى هەبو نە بەدەم داواکارییەکەوە هاتن و نەشیانخستە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە."

ئەوەشى خستەڕو کە لە دیدارەکەدا تێڕوانینى گۆڕان پەیوەست بە هەڵبژاردن و وادەکەى و بازنەکانى هەڵبژاردن و پێکهاتەکان بە رونى بۆ وەفدى میوان خرایەڕو.

پەیوەست بە هەوڵەکانى نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵى نێودەوڵەتى، رێکخەرى ژورى پەیوەندى دیپلۆماسى گۆڕان وتی: یونامى زۆر هەوڵیانداوە کوردستان لەو بنبەستە دەربچێت و پێشنیازیشیان هەیە بۆ هەڵبژاردن و پرسى پێکهاتەکان کە ناکۆکى هەندێک لایەنەکانى لەسەرە، "ئەوان بێزارن لە ململانێ و کێشەکانى نێوان هێزەکانى دەسەڵات و بە گرنگى دەزانن هەڵبژاردن چیتر دوانەخرێت و دڵسۆزانە فشار دەکەن بۆ چارەسەرى کیشەکان بەڵام ئەو لایەنە سیاسیانە ئامادە نین ناکۆکییەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×