فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كرد.
ئاوێنە: زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی وتی، ئێمە لهسهر چهند ماددهیهكی سەرەكی ناو یاسای ههڵبژاردن له دادگای فیدڕاڵی سكاڵامان تۆماركردوه بۆ هەمواركردنەوەیان.
هاوكات لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەسایتی رەسمی حزبەكەی وت "ماوەی دو ساڵە كار بۆ رێككەوتن لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن لەھەرێمی كوردستان دەكەین، بەڵام تائێستا پارتی هەنگاوی جدی لەوبارەیەوە نەناوەو هەمواری یاساكە راگیراوە."
وتیشی"یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردن بەیاسا كۆنەكە نییەو لەو چوارچێوەیەشدا فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردن تۆمار كردوەو داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات پێش هەڵبژاردن."
لوقمان وەردی ئاماژەی بەوەشدا"ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار بدات درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان نایاسایی بوبێت، پێویستە دەرچەیەكیش بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بدۆزێتەوەو رێگربێت كە بەیاسا كۆنەكە هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە هەڵبژاردن بەیاسا كۆنەكە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و پڕۆسەكە دیموكراسی لەدەستدەدات".