وەزارەتی پێشمەرگە: خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە گەڕایەوە
  2023-05-02       1061       
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆ لەسەر ئەو خشتانەی پلە بەرزكردنەوە دەكات كە ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە وەزارەتەكە. وێنە: راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند"دوای دەرچونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت."

ئاوێنە: وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمڕۆ دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی هەردو ساڵانی 2020 و 2021ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگەو لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆی لەسەر کرا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەرکان وتویەتی"هەمو هەوڵێک دەدەین، بۆئەوەی بەزوترین کات خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی (70 و 80)ش وەک دیوانی وەزارەت، رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و فەرمانی پلەبەرزکردنەوەی ئەوانیش دەربچێت."

هەروەها سەرۆکی ئەرکان دڵنیاییشی داوە كە "کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵی 2022و نەورۆزی ساڵی 2023ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لە کاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلەبەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×