حکومەت لەماوەی 20 ڕۆژ‌دا، 395 ملیۆن دینار لە هاوڵاتیان خۆشبو
  2023-05-03       480       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەماوەی 20 رۆژدا و لەچوارچێوەی بڕیاری لێخۆشبونی رێژەی 15%ی قەرزی کرێی ئاو، لەسەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان حکومەت بڕی زیاتر لە 395 ملیۆن دینار لە لە قەرزی ئاوی سەر هاوڵاتیان خۆشبوە.

ئاوێنە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە چەند هەفتەی ڕابردودا، وەک پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ هاوڵاتییان، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبونی بەشێکی قەرزی کرێی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەمودەست بڕیاریدا بۆ ‌جێبەجێکردنی بڕیاری‌ لێخۆشبونی ڕێژەی 15%ی قەرزی کرێی ئاو".

ئەوەشخراوەتەڕو، بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لە ماوەی تەنیا 20 ڕۆژدا لە سنوری تەواوی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و کۆیە و سۆران و زاخۆ و ئاکرێ و کەلار و گەرمیان و ڕاپەڕین، زیاتر لە 11 هەزار هاوبەش مامەڵەی سودمەندبونیان لە بڕیاری لێخۆشبونی ڕێژەی 15%ی کرێی ئاو کردوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ماوەی ئەو 20 ڕۆژەدا بڕی 395 ملیۆن و 905 هەزار و 989 دینار لێخۆشبون بۆ هاوڵاتییان کراوە و هێشتاش هاوبەشان مامەڵەی سودمەندبون دەکەن و بڕیارەکەش تا 10ی ئەم مانگە کاری پێدەکرێت، ئێستا هاوبەشانی ئاو دەتوانن سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن و لەو بڕیارەی حکومەت سودمەندبن

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×