كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات
  2023-05-05       289       

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

ئاوێنە: جومانە غلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق رایگەیاند، هۆبەكانی هونەری و بەشە تایبەتمەندەكانی كۆمسیۆن دەستیانكردووە بە ئامادەكردنی رەشنووسی سیستمی تایبەت بە رێوشوێنەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها نەخشەكێشانی گواستنەوەی ماددەكانی هەڵبژاردن و ئامادەكردنی هەردوو بەرنامەی تۆماری پارت و لایەنەكان و كاندیدانی بەشداربووی هەڵبژاردنەكان.

بەپێی یاساكەی بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا 20ی كانونی یەكەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت، وەك ئەوەی غلای ئاماژەی پێدا و وتی، بۆیە كۆمسیۆن ئامادەكارییە پێشوەختەكانی دەستپێكردووە بۆ هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن.

وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی هەڵبژاردن بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت، سەرەتا بە نوێكردنی تۆماری دەنگەدان و دواتر تۆماركردنی پارت و كاندیدەكان، پاشان ئامادەكارییە هونەری و لۆجستییەكانی بەر لە قۆناغی دەنگدان و دواهەمینیش قۆناغی پاش دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەبێت.

بڕیارە لەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و پارێزگاكانی دیكەی عێراق جگە لە هەرێم بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×