كڵچدار ئۆغڵو: دەستور دەگۆڕین و گیراوانى سیاسی ئازاد دەکەین
  2023-05-09       732       

كاندیدی هاوپەیمانی میللەت ڕایدەگەیەنێت، هەفتەیەكی تر توركیا دەكەوێتە قۆناغێكی نوێوە و بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە توركیا جێبەجێ دەكەین و جەختدەكاتەوە، كە دەستوری توركیا دەگۆڕن و سیستەمی پەرلەمانی دەهێننەوە.

ئاوێنه‌: لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ARDی ئەڵمانی كەمال كڵچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆك كۆماری توركیا لەسەر گیراوانی سیاسی و كۆچبەران و بەشداربوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا و پرسی دیموكراسی لە توركیا قسەی كرد.

لەبارەی كۆچبەرانەوە كڵچدار ئۆغڵو وتی: بەرنامەیەكمان ئامادەكردووە و كۆچبەران دەگەڕێنینەوە وڵاتی خۆیان بەتایبەت كۆچبەرانی سوریا، چوار ملیۆن كۆچبەری سوری لە توركیا هەیە و چارنوسیان نادیارە، دەبێت لەگەڵ حكومەتی سوریا ڕێكبكەوین بۆ پاراستنی ماڵ و حاڵی ئەوان دوای گەڕانەوەیان و دەرفەتی ژیانیان بۆ دروست بكرێت.

پەیوەست بە پرسی گۆڕینی دەستوری تورکیاشەوە کاندیدەکەى سەرۆکایەتى تورکیا دەڵێت: ئێمە بۆ دیموكراسی خەبات دەكەین و نا هێڵین هەموو هێز و دەسەڵات لەدەست كەسێكدا كۆببێتەوە، وڵاتی ئێمە پێویستی بە دیموكراسییە، سیستەمی پەرلەمانی دەهێنینەوە و دەستور دەگۆڕین.

كەمال كڵچدار ئۆغڵو ئاماژەی بە پرسی چوونی توركیا بۆناو یەكێتی ئەوروپا قسەی كرد و ڕوونیکردەوە، هەوڵدەدەن هەموو پێوانە و ستانداردەكانی یەكێتی ئەوروپا جێبەجێبكەن كە یەكێتی ئەوروپا لە توركیای دەخوازێت.

كڵدار ئۆغڵو، جەختی كردەوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ڕوونیكردەوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گەلێك بڕیاری لەبارەی گیراوانی سیاسییەوە دەركردووە، پێویستبوو ئەوانە ئازاد بوونایە، بەڵام ئەردۆغان ڕێگرە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا، ئەگەر بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ بكرانایە، پێویستبوو ئەوان ئێستا ئازادبونایە.

كاندیدی هاوپەیمانی میللەت وتیشی: لە ١٠٠ ساڵی سەدەی ٢١ نابێت كەسێك لەسەر بیروڕای خۆی زیندانی بكرێت و ئێمە توركیایەكی لەوشێوەیە ڕەتدەكەینەوە، دوای هەفتەیەكی دیكە توركیا دەكەوێتە قۆناغێكی نوێوە و وتەی سیاسی ئێمە ئەوەیە: بەهار بۆ توركیا دێت.

ڕۆژی ١٤ی ئایار، لە هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە دەچێت و ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ كەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەپێی ڕاپرسییەكان، ئەردۆغان و پارتەكەی تووشی شكست دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×