ئەردۆغان له‌پێشه‌وه‌یه‌و کلیچدارئۆغڵو ده‌ڵێت: شوێنەکانتان بەجێ مەهێڵن، ئەمشەو ناخەوین
  2023-05-14       817       

تا جیاکردنەوەی رێژەی 84.32%ی دەنگەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرێژەیەکی بەرچاو لەپێش دەنگەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵووە دێت. به‌ڵام کلیچدارئۆغڵو ده‌ڵێت، "شوێنەکانتان بەجێ مەهێڵن، ئەمشەو ناخەوین".

ئاوێنه‌: میدیاکانی تورکیا رێژەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکەیان بڵاودەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پێشەوەن.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان تا جیاکردنەوەی رێژەی 84.32%ـی دەنگەکان، ئەردۆغان بە بەدەستهێنانی 50.20% دەنگی یەکەمە و کڵچدارئۆغڵو بە رێژەی 44.2%ـی دەنگەکان لە دواوەیە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا رێژەی 5.30%ـی دەنگەکانی مسۆگەرکردووە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە شارەکانی باکووری کوردستان کە رێژەی دەنگی هەدەپە بەرزە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو لە پێشەوەی دەنگەکانی ئەردۆغانەوە بێت، بەتایبەتی لە شارەکانی دیاربەکر و وان و ماردین و سیرت و ئاگری و شارەکانی دیکە. هەروەها لە شارەکانی ئیزمیر و ئەنتاڵیا و مێرسین و موغلا کە بنکەی جەماوەی جەهەپە فراوانە، کڵچدارئۆغڵو بە رێژەیەکی زۆر لە پێشەوەی ئەردۆغان دێت.

هەروەها رەجەب تەیب ئەرۆغان لە شارەکانی ناوەڕاستی تورکیا، بەتایبەتی ئەو شارانەی کە بنکەی جەماوەی ئاکاپارتی فراوانە، دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە و لە پێشەوەی کڵچدارئۆغڵو دێت، بەتایبەتی کۆنیا و ئەرزەرووم و کوتاهیە و سیڤاس و قەیسەری. هاوکات بەرێژەیەکی کەمیش لە پارێزگا گەورەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و بورسا ئەردۆغان دەنگی یەکەمی هێناوە.

هاوكات کەمال کلیچدارئۆغڵو ئەمشەو لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "ئەو چیرۆکە خەیاڵییەی لەساڵانی شەستەکانەوە دەستیپێکردوە، ئێستا بۆ خوار 50 دابەزیوە"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبونەوەی رێژەی دەنگەکانی لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی جیاکردنەوەکەدا لە پێشەوە بو. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "چاودێرانی دەنگدان و بەرپرسانی دەستەی هەڵبژاردن هەرگیز نابێت پۆستەکانیان بەجێبهێڵن، ئەمشەو ناخەوین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×