کلیچدارئۆغڵو "مژدە" دەداتە دەنگدەرانی
  2023-05-15       860       

 کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی جمهور بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لەم قۆناغەدا هیچ کام لە کاندیدەکان ناتوانن سەربکەون، بەڵام "بە دڵنیاییەوە لە قۆناغی دوەمدا سەردەکەوین".
 
ئاوێنە: کەمال کلیچدارئۆغڵو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سوپاسی هەمو ئەو دەنگدەرانە دەکەم کە چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیاندا، ئەردۆگان ئەو ئەنجامەی بەدەستنەهێنا کە خۆی ویستبوی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا داتاکان جیادەکرێنەوە، ئەگەر میللەتەکەمان بڵێت خولی دوەم، ئەم بڕیارە لەسەر سەرمانە، لەسەر چاومانە، بە دڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا لە قۆناغی دوەمدا سەردەکەوین".

کلیچدارئۆغڵو دەڵێت، "بۆ هێنانەدی ماف و یاسا و دادپەروەری بۆ ئەم وڵاتە، لە سبەینێوە دەست بە هەمو جۆرە خەباتێک دەکەین، بە دڵنیاییەوە دیموکراسی دەهێنینە ئەم وڵاتە و سەردەکەوین".

کەمال کلیچدارئۆغڵو لەماوەی 20 ساڵی رابردودا بەهێزترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی ئێستای تورکیایە و لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەوە بە توندی پشتیوانی دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×