ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رەزامەندیی دەردەكات و داوای ناردنی لیستی ناوەكان دەكات.
ئاوێنە: بهپێی نووسراوێكی ئهنجوومهنی وهزیران، کە لە 8ی 5ی 2023 دەرچووە و بۆ گشت وهزارهتەکان نێردراوە، تیایدا ئاماژە بە داواكارییەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كراوە، بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران، بۆ فەرمانگەیەك لە ئیدارەی گەرمیان.
داوا لە وەزارەتەکان كراوە، بە مەبەستی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران و تەنسیبكردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان، سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دەتوانن بە لیست ناوی فەرمانبەران بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكەنەوە و ئەوانیش لەسەری رەزامەندن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان كێشەی كەمیی میلاكی هەیە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی داوە لەسەر گواستنەوە و تەنسیب كردنیان.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان، فەرمانبەریان لەم بوار و پسپۆڕییانە دەوێت (كارگێڕی و ژمێریاری و یاسا و راگەیاندن و كۆمپیوتەر و ئەندازیاری نەوت و ئەندازیاری كیمیا و و پەیمانگای نەوت و شوفێر و خزمەتگوزار.
فەرمانبەرانیش لە وەزارەتەكانی دیكە دەتوانن خۆیان بۆ ئەو بەشانە بگوازنەوە.
ماوەی چەند ساڵێكە گواستنەوەی راژە لەنێوان وەزارەتەكان راگیراوە، بەڵام ماوەیەكە ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی داواکاری و پێویستیی وەزارەت و فەرمانگەكان، لە هەندێك حاڵەتدا گواستنەوەی راژەی كردووەتەوە، بەڵام سنووردارە و بەپێی پێویستییە.