بایدن بڕیاری درێژکردنەوەی باری نائاسایی تایبەت بە عێراقی دەرکرد
  2023-05-17       566       

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا نامەیەکی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە و تێیدا داوای کردووە بەردەوامی بە باری لە ناکاوی نیشتیمانی پەیوەست بە سەقامگیری عێراق بدرێت، ئەویش بەهۆکارى بوونی هەڕەشە و بەربەست لە بەردەم بونیادنانەوە و ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەنامەیەکدا کە بۆ کۆنگرێسی ناردووە و کۆشکی سپی ناوەرۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، جۆ بایدن دەڵێت، "هێشتا ژمارەیەک بەربەست لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەشێوەیەکی رێکخراو، گەڕاندنەوە و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکە، گەشەی دامەزراوە سیاسی، کارگێڕی و ئابوورییەکانی عێراق" هەن و ئەو بەربەستانە "هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورەن بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا؛ بۆیە بڕیارم داوە ئەو بارە نائاساییەی بە فەرمانی جێبەجێکاریی 13303 پەیوەست بە سەقامگیرکردنی عێراق راگەیەندرابوو، درێژ بکەمەوە."

بایدن ساڵانە پێویستە 90 رۆژ بەر لە ئیمزاکردنی بڕیارەکە تۆماری فیدراڵی و کۆنگرێس لە بڕیارەکەی ئاگاداربکاتەوە، ئەوەش بە ئامانجی بەردەوامبوونی باری نائاسایی تایبەت بە عێراق.

بەردەوامبوونی ئەو بارە نائاساییە سەرۆکی ئەمریکا دەست کراوەتر دەکات و رێگەی پێ دەدات هەنگاوی زیاتر لە عێراق بنێت، لەوانەش، بەکارهێنانی ژمارەیەک هێزی تایبەت بە باری لەناکاو، جێگیرکردنی هێزی سەربازیی زیاتر، سەپاندنی سزای ئابووری، هەڵپەساردنی ژمارەیەک یاسا و رێکاری دیاریکراو، یان هەر هەنگاوێکی دیکە "بۆ پاراستنی ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا" لە عێراق. 

بیست ساڵ لەمەوبەر، دوای هێرشکردنە سەر عێراق و روخاندنی دەسەڵاتی بەعس، ئەم بارە نائاساییە لە 22ی ئایاری 2003 بە فەرمانێکی جێبەجێکاری جۆرج بووشی کوڕ راگەیەندرا. 

ئەمریکا و بەریتانیا، بە وتەی خۆیان دەیانویست عێراقێکی ئازاد و دیموکراسی دروستبکەن، بەڵام دوایین راپۆرتی رێکخراوی فریدم هاوسی ئەمریکی کە تێیدا هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی عێراق لە ساڵی 2022 کردووە، دەڵێت، عێراق نە وڵاتێکی ئازادە و نە دیموکراسی، بەو پێیەی لە رووی مافە سیاسییەکان نمرەکەی 16 لەسەر 40 و لە رووی مافە مەدەنییەکانیش 13 لەسەر 60ـە و لە سەر ئاستی 137 وڵاتیش، عێراق لە پلەی 98ـەمیندا دێت.  بەو پێیە، "20 ساڵ دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، وڵاتەکە لە دۆخێکدا نییە کە هیوای پێ بخوازرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×