جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: گفتوگۆی بڕگەكانی بودجە گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی
  2023-05-17       305       

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، گفتوگۆكان لەبارەی بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجە گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كردوە بە ئامادەبونی سەرۆكی لیژنەكەو تەواوی ئەندامانی، ئەوەش لەپێناو دوایین داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەندەلاوی رایگەیاندوە، گفتوگۆكان لەبارەی بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجە گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی، ئەوەش لەدوای ئەوەی كە لە رۆژانی رابردودا، لیژنەی دارایی ، وەزیرەكان و پارێزگارو كەسە پەیوەندیدارەكانی بانگهێشتكردون بۆ داڕشتنەوەی دوایین رەشنوسی پڕۆژە یاساكە تاوەكە بخرێتە نێو كارنامەی دانیشتنە نزیكەكانی پەرلەمان.

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشداوە كە پڕۆژە یاساكە ئەولەویەتی داوە بە لایەنی خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژییەكان و زیادكردنی پشكی پەرەپێدانی پارێزگاكان لەگەڵ ئەولەویەتدان بە دابینكردنی شایستەی دارایی بۆ ئەو كەسانەی تازە دامەزراون لە خاوەن بڕوانامە باڵاكان و یەكەمەكان و وانەبێژان و توێژەكانی دیكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×