ڤیان سەبری: لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر پشکی ھەرێم نەداوەو بڕیارە لە کۆبونەوەی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە
  2023-05-20       352       

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، رۆژی دوشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدات. دەشڵێت: لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر پشكی هەرێم نەداوەو بڕیارە لە كۆبونەوەی پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە.

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند"بڕیارە رۆژی دوشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە ئەنجامبدات و تێیدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بدات، تا ئەوکاتیش کارەکانی لیژنەی دارایی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی تەواو دەبن و ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان."

ڤیان سەبری وتیشی"لە لیژنەی دارایی ھێشتا دەنگ لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان نەدراوەو بڕیارە لە کۆبونەوەی رۆژی دوشەممە یەکلایی بکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت".

هەر ئەمڕۆ موحسین مەندەلاوی، بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، هیچ كێشەیەك نییە ببێتە بەربەست لەبەردەم پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە.

وتیشی، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە.

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جەختیشی كردەوە كە بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، رۆژی دوشەممەی داهاتو، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×