فراكسیۆنی یەكێتی: كۆمسیۆن كارانەكراوەتەوە
  2023-05-23       512       

ئەمڕۆ سێشەممە، نوسراوی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكرنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گەیشتە ‏كۆمیسیۆن، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە و شتێک نییە بە ناوی ئەنجومەنی کۆمیسیاران."

ئاوێنە: زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، بە روداوی وت"ئەنجومەنی کۆمیسیاران کارانەکراوەتەوەو شتێک نییە بە ناوی ئەنجومەنی کۆمیسیاران. هەڵگرتن و کۆتاییهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانەو لەدوای قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان کۆبونەوە نەبوەو ئاژاوە هەبو."

 سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان وتیشی"دوێنێ سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێناو شتێک نییە بە ناوی دانیشتنی پەرلەمان و ئەوەی لە پەرلەمان رویدا پێچەوانەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی بو."

زیاد جەبار لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وتی"لە کۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوەو دەبێت لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ پارتی و لایەنەکان کۆببینەوە."

ئەو قسانەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، هەندرێن محەممەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ‏راپرسیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ ‏سێشەممە بۆ كاراكرانەوەی كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ‏هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان نوسراوی فەرمیی پەرلەمانی ‏كوردستان گەیشتوەتە دەستیان و وتی: "ئێمە كار بەو نوسراوە دەكەین ‏لە هەفتەی داهاتوە دەست بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەین."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان کردوە کار بە هیچ نوسراوێکی پەرلەمان نەکەن ئەگەر ئیمزای خودی خۆی لەسەر نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×