پارەی پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزای ئەمریکا زیادکرا
  2023-05-24       328       


کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانیی، پارەی داواکردنی ڤیزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیادی کردووە.

ئاوێنه‌: کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە 30 ی ئایاری  2023بەدواوە پارەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزەی ئەمریکا بۆ زۆرێک لە گەشتیاران لە بوارەکانی (بزنس و گەشتیاری و خوێندن و پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕەکان) لە 160 دۆلارەوە دەبێت بە 185 دۆلار و پارەی ئەو ڤیزانەی لەسەر داواکاری خاوەنکار بۆ ڤیزەی کاتیی کار لە جۆرەکانی (H،L،O،P،Q،R) پێشکەش دەکرێن لە 190 دۆلارەوە دەبێت بە 205 دۆلار”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو ساڵێک لێکۆڵینەوە لە خەرجیی خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕی پارە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزە دیاری دەکەین”.

هەر لە راگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە، “لە ساڵی 2014ەوە هیچ زیادبوونێک لە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بۆ خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە نەبووە و ئەم زیادبوونەش رەنگدانەوەی تێچووی زیادبووی ئەو خەرجیە گشتیەیە کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە دروستبووە”

ئاشکراشیکردووە، “ئەو کەسانەی کە پێش  30ی ئایار پارەیان داوە، پێویست ناکات پارەی زیاتر بدەن تەنانەت ئەگەر کاتی چاوپێکەوتنەکەش بکەوێتە دوای ئەو بەروەروارە بە مەرجێک پسووڵەی پێدانی پارەکە بەسەر نەچووبێت”.

لە ئێستادا بەشی ڤیزە لە باڵیۆخانەی ئەمریکا لە بەغداد کراوەتەوە و داواکاری ڤیزەی لێوە پێشکەش دەکرێت، هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەکەدا هاتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×