بریكاری وەزارەتی كارەبا: كارەبای سیتییە گران بەهاكان دەكرێت بە 156 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك
  2023-05-24       585       

بریكاری وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، بڕیاردراوە کارەبای سیتییەکان بکرێت بە پریپەید و بۆ ئەو مەبەستەش نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بە (156) دیناری دیاری کراوە.

ئاوێنە: کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بە میدیای گۆڕانی راگەیاند؛ دوای دیراسەکردن و خەمڵاندن، بڕیاردراوە نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە سیتییە گرانبەهاکان (های کۆست) بە (156) دینار دیاری بکرێت، بەوەش سیتییە گرانبەهاکان پێویستیان بە مۆلیدەی پڕۆژەکان نابێت، بەڵام نرخی کارەبا لە سیتییە (لۆ کۆست)ەکان وەکو خۆیەتی کە (18) دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک.

 وتیشی: نرخی کارەبای بازرگانی وەکو خۆی ماوەتەوە لە شوێنە گشتییەکان و بڕیاردراوە سیستمی پریپەید بۆ زۆربەی شوێنە بازرگانییەکان جێبەجێ بکرێت.

لەبارەی دۆخی کارەباشەوە کامیل قەزار رونیکردەوە، هەمو هەوڵەکانی ئێستایان بۆ ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەن و خوازیاریشن رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد ببێتە هۆی زیادبونی بڕی سوتەمەنی بۆ وەزارەتەکەیان لەپێناو کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ سیستمی پریپەد لە گەڕەکە ئاسییەکان کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بریکاری وەزیری کارەبا بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک باسی لەوەکرد، ئەم پڕۆسەیە جارێک ناو بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و دواتریش لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×