لە روونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی کارەبا دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند:" دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار دوورە لە راستییەوە و کرێی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێک بە بازاڕ و ستییە ئاساییەکانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی".
باسی لەوەش کرد:" وەزارەتی کارەبا تەنیا بۆ ستییە گرانبەهەکانی بە سیستەمی پریپەید، کارەبایەکی 24 کاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر کیلۆواتێکی کارەبا بە 156 دینار ئەژمێر بکرێت".
هەروەها دەڵێت:" سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، بەهۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە".
لە رونکردنەوەکەدا، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە:" ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی (7400) مێگاوات، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە (4200) مێگاوات بەرهەم دێت. سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی كارەبایەكی باشتر بۆ هاوڵاتیان هەنگاو دەنێین".
هەر لەبارەی ئەو سیستەمە رایگەیاندووە:" پرۆسەی سیستەمی پریپەید ماوەی ساڵێكە دەستیپێکردووە و، تا ئێستا لە ستییەکانی گوندی ئیتاڵیی یەك و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیهان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و كواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە".