شارەزایەكی ئابوریی عێراقی: هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوت دادەماڵرێت
  2023-05-26       878       

شارەزایەكی ئابوریی عێراقی پێی وایە هەمواری بڕگەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا كە شەوی رابردو، دەنگی لەسەر درا، جۆرێك لە ئاڵۆزی بۆ پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر زیاددەكات، لەبەر دو هۆكار كە یەكێكیان داماڵینی تەواوەتی هەرێمی كوردستانە لە دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوت.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، ئەمڕۆ هەینی، لەبارەی دەنگدانی شەوی رابردوی لیژنەی دارایی لەسەر بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، لە نوسینێكدا لەژێر ناوی "ئایا بودجە، دەبێتە زریان بۆ سەر رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر" وتویەتی، بەپێی هەموارە نوێیەكە، هەرێمی كوردستان دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بۆ هەناردەكردنی لەڕێگەی سۆمۆوە یاخود بەكارهێنانی بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەم هەموارە جۆرێك لە ئاڵۆزیی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر زیاد دەكات بەهۆی ئەو كۆسپە تەكنیكییانەی دێنە سەر رێی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا لەلایەك و هەروەها بەهۆی داماڵینی تەواوەتی هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوت لەلایەكی ترەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی هەموارەكە، هەرێمی كوردستان دەبێت بەر لە وەگرتنی شایستە داراییەكانی، داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.

هەروەك ئەو شارەزا ئابورییە باسی كردوە، بەپێی هەموارە نوێیەكە، حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەوەی كە داهاتی نەوت لە هەژمارێكی بانكی دابنێت كە لە بانكی ناوەندیی عێراقی بێت، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم هەوڵی دەدات ئەو هەژمارە بانكییە لە بانكی "سیتی بانك" بكاتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی هەموارە نوێیەكە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەر دراوە، رێگە لە هەرێمی كوردستان دەگیرێت كە نەوت لەو كێڵگە نەوتیانەی كەركوك و نەینەوا دەربكات كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدان و زیاتر لە یەك لەسەر سێی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێكدەهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×