بێگەرد تاڵەبانی: بەغدا رێگری لە رۆیشتنی بەرهەمەكانی هەرێم بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق دەكات
  2023-05-26       314       

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم دەڵێت، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە بڕیارێك رێگری لە رۆشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێم بۆ خوارو و ناوەڕاستی وڵات دەكات. ئەو داوای كردنەوەی بازگەكانی نێوان هەرێم و عێراق بەڕ،ی هەناردەكردن و ساغكردنەوەی بەرهەم كشتوكاڵییەكانی هەرێمدا دەكات.

ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەمەبەستی چارەسەکردنی کێشەکانی جوتیاران لە بڕی وەرگرتنی گەنم و ڕۆیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، پەیوەندیمان کرد بە هەریەک لە بەڕێزان د.فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری و وەزیری دەرەوەو دکتۆر خالید شوانی وەزیری داد و ئەندامانی پەرلەمانی کورد لە لێژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی پاڵپشتیمان بکەن لەگەیاندنی کێشەو داخوازییەکانی جوتیارانمان بۆ بەردەم بەڕێز سەرۆکی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی."

بێگەرد تاڵەبانی وتویەتی، داوای کردنەوەی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە روی هەناردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان كردوە، کە "بەبریارێک لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێگری لە ڕۆیشتنی بەرهەمەکان دەکرێت."

وتوشیەتی"داوامانکرد هاوکارمان بن لە زیادکردن و دڵنیایدان لەسەر بڕی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە سایلۆکان لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بە هەمان شێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، بەهۆی بونی ڕێژەیەکی زۆر باشی گەنم لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان."

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئەوەشی خستۆتەڕو"هەمو ئەو بەڕێزانەی پەیوەندیمان پێوەکردن، لەلایەن خۆیانەوە بەگەرمی پێشوازیان لە داواکارییەکانی جوتیاران و پەیامی ئێمە کردو بەڵێنی هەماهەنگی بەدواداچونیان پێداین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×