لە سویسرا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی عێراق
  2023-05-26       381       


وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن-ی سویسرا دەکات کە بوەتەهۆی دروستکردنی ترس و تیرۆر لای کارمەندانی باڵیۆزخانەکە.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق دەکەین لە شاری بێرن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، کە بەشێوەیەکی دوژمنکارانه هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای لەنێو کارمەندانی باڵیۆزخانه و هاوڵاتیان کە لەناو بیناکەدا بون بە مەبەستی بەدواداچون بۆ کاروباری کونسوڵگەری خۆیان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کردەوەیە و هەمو جۆرەکانی توندوتیژی کاریگەری لەسەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان هەیە، "داوا لە حکومەتی سویسرای دۆست دەکەین کە ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوەی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران و ڕونکردنەوە لەبارەی روداوەکە".

وەزارەتەکە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رونیکردوەتەوە، "سوپاسی دەسەڵاتدارانی سویسرا دەکەین بۆ دەستێوەردانی خێرا و پەلەکردنیان لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە نێو بینای نوێنەرایەتی عێراق و دەوروبەریدا".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×