سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌سه‌ر روداوه‌كانی ئه‌مڕۆی پیره‌مه‌گرون: هێزی ئەمنی ڕێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە ناگرێت
  2023-05-26       539       

ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ 26ی‌ ئایاری‌ 2023، له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی‌ ناحیه‌یی‌ پیره‌مه‌گرون له‌سه‌ر دانانی‌ كامێرای‌ تیژڕه‌وی‌، هێزێكی‌ ئه‌مینی‌ په‌لاماری‌ تیمه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی‌(روداو، پەیام، ئێن ئارتی) ده‌دات و بۆ ماوه‌ی‌ نیو كاتژمێریش ده‌ستبه‌رسه‌ریان ده‌كات. 

ئاوێنە: له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌، سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: " زەبروزەنگ وپەلاماردانی تیمەکانی روداو، پەیام، ئێن ئارتی، ئازاردانیان، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانیان، دەستبەسەرکردنی و سوکایەتی بە پیشەکەیان. دەرخەری ئەو راستییەن، کە هێزی ئەمنی ڕێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادی رۆژنامەگەری ناگرێت". 

ئه‌ركان عه‌لی‌ په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ رووداو به‌ میترۆی‌ راگه‌یاند: كاتژمێر 2ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌مه‌به‌ستی‌ روماڵكردنی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ناحیه‌یی‌ پیره‌مه‌گرون له‌سه‌ر دانانی‌ كامێرای‌ تیژڕه‌وی‌، چوینه‌ ئه‌و ناحیه‌یه‌ و سه‌ره‌تا گردبوونه‌وه‌كه‌ به‌ هێمنی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، دواتر  هێزێكی‌ ئه‌منی‌ هاتن و په‌لاماریان داین و كه‌لو په‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌ كانیان لێوه‌ر گرتین و له‌ كامێرامانه‌كه‌م (ئالان محمه‌د)یاندا.  

ڕامیار عوسمان په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ په‌یام باسی‌ له‌ساتی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر تیمه‌كه‌یان ده‌كات و بۆ میترۆ وتی‌، دوای‌ ته‌واو بوونی‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ هێزێكی‌ ئه‌منی‌ هاتن و له‌ پێشدا په‌خشی‌ راسته‌وخۆكه‌یان راگرت، دواتر سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانمان ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت و كامێرامانه‌كه‌م (جیهاد عبدوالرحمان)  بۆ ماوه‌ی‌ نیو كاتژمێر ده‌ستگیركرا و دواتر له‌به‌رده‌م ئاسایشی‌ پیره‌مه‌گرون ئازاد كرا.

گۆران لوقمان په‌یامنێری‌ ئێن ئاڕتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد،ئێمه‌ وه‌كو تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئێن ئاڕتی‌ چوینه‌ ئه‌وێو و روماڵی‌ گردبوونه‌وه‌كه‌مان ده‌كرد و له‌كاتی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران، هێزێكی‌ ئه‌منی‌ هاتن و كه‌ زۆربه‌یان دامامكداربوون، هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌رمان و من و كامێرامانه‌كه‌م (كۆژین كامه‌ران) ده‌ستگیركراین و ده‌ستیشیانگرت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیاكانماندا و به‌زه‌بری‌ هێز ئێمه‌یان خسته‌ پشتی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان، دواتر بردیانینه‌ بنكه‌ی‌ ئاسایشی‌ ناحیه‌ی‌ پیره‌مه‌گرون و له‌وێ‌ بۆ ماوه‌ی‌ نیو كاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌ر بووین. 

گۆران وتیشی‌: هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌و مه‌رجه‌ ئێمه‌یان ئازادكرد كه‌ نابێت له‌ ناحیه‌ی‌ پیره‌مه‌گرون بمێنینه‌وه‌ و روماڵبكه‌ین. 

"شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانیان، دەستبەسەرکردنی و سوکایەتی بە پیشەکەیان، لە ناحییەی پیرەمەگرونی‌ سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەرخەری ئەو راستییەن، کە هێزی ئەمنی ڕێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادی رۆژنامەگەری ناگرێت لە بۆسەیدایە بۆ پێشێلکردنی ئەو مافانە." سه‌نته‌ری میترۆ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا واده‌ڵێت.
 
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا میترۆ پشتیوانی لە پەیامنێرو وێنەگر و کارمەندانی ئەو کەناڵانە دەکات و ئازاردانییان لە لەلایەن هێزی ئەمنی، شەرمەزار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×