شاخەوان عەبدوڵا: گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای‌ بودجه‌ قبوڵکراو نییەو چاوەڕێی رێککەوتنێکی سیاسی دەکەین
  2023-05-28       602       
شاخەوان عەبدوڵا

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، سبەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوەو باسی ئەو گۆڕانکارییانە دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان لەپڕۆژەیاسای‌ بودجه‌دا کراوه‌. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای‌ بودجه‌ قبوڵکراو نییەو چاوەڕێی رێککەوتنێکی سیاسی دەکەن.

ئاوێنه‌: شاخەوان عەبدوڵا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی دوشه‌ممه‌، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوەو باسی ئەو گۆڕانکارییانەش دەکرێ کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان، لەمادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا کرابو.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، له‌كۆتایی مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2022 له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان‌و ھەردو ھاوپەیمانی عەزم‌و سیادەی سوننەکان‌و بزوتنەوەی بابلیونی مەسیحی پێكهێنراو ڕێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بووه‌ كارنامه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق.

شاخەوان عەبدوڵا وتیشی، ''گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق قبوڵکراو نییەو چاوەڕێی رێککەوتنێکی سیاسی دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە کۆتایی پێ بێت.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، ''چاوەڕێی ئەوەین کە هێزو لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی ئەو دو مادەیە بەشێوەیەک تێپەڕێت کە مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێیدا پارێزراو بێت‌و لەچوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردو حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی کوردستادا دەنگی لەسەر بدرێت.''
 
شاخەوان عەبدولا پێیوایە، ئەو گۆڕانکارییەی لە لایەن هەندێک لەئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا کرا، ''سیاسەتێکی دوژمنکارانەو عەقڵییەتێکی خۆپەرستانەو دور لەیاسا بووە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتاوە داوای ئەوەیان کردووە دەبێت دەستور سەروەر بێت، ''بەڵام لەو گۆڕانکارییەدا نەک دەستوور سەروەر نەبو، بەڵکو جۆرێک لێدانە لەمافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.''
 
شاخەوان عەبدوڵا جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر ئەندامانی لیژنەی داراییدا فەڕز کراوەو کەشێکی وایان دروستکرد کە بەو شێوەیە مادەکان تێبپەڕێنن، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین کە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیدا، بەشێوەیەک ئەم دوو مادەیە هەموار بکرێتەوەو دەنگی لەسەر بدرێت کە بەرەزامەندی هەردو حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی کوردستان بێت.''

پێنجشەممەی رابردو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بەهەناردەی نەوتی کوردستانی لەرەشنوسی بودجەی عێراقدا کردو گۆڕی، گۆڕانکارییەکان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوەو لەکاتێکدا کرا کە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەپشکی پارتی‌و یەکگرتوی ئیسلامی بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد.

بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکوک‌و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لەسوتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
 
هەر لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا هاتووە، ئەگەر پارێزگایەک لەدابەشکردنی بودجە ناڕازی بو، بەشە بودجەی ئەم پارێزگایە لەپشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوەو حکومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەشە بودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، ئەوە جگە لەهاوبەشیکردنی حکومەتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×