سوپای عێراق دروێنەی لە گوندێكی كەركوك راگرت
  2023-05-29       549       

سوپای عێراق، چونەتە سەر گوندی تۆپزاوا لە باشوری كەركوك و دروێنەی جوتیاریكی گوندەكەیان راگرتوە و دەستیانبەسەر دەڕاسەكەشدا گرتوە.

ئاوێنە، كەركوك ناو: تەڵعەت عەبدوڵا، كە یەكەم جوتیاری گوندەكەیە دەستی بە دروێنەی گەنم كردوە، ئەمڕۆ دوشەممە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاتنە سەرم و وتیان دروێنە رابگرە، دەستیان بەسەر دەڕاسەكەدا گرت و ئەو گەنمەشیان لەناو زەوییەكە رۆكرد كە دروێنەمان كردبو".

راگرتنی دروێنەكە دوای ئەوە هاتوە كە ژمارەیەك جوتیاری عەرەب كە لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس، زەوییە كشتوكاڵییەكانی تۆپزاوایان بەكارهێناوە سكاڵایان لەسەر بەكارهێنەرانی ئێستای زەوییەكان تۆماركردوە.

زەوییە كشتوكاڵییەكانی تۆپزاوا كێشەیەكی تریان هەیە، ئەویش ئەوەیە لە ئاداری ئەمساڵ تیمێكی وەزارەتی بەرگری عێراق چونە سەر ژمارەیەك گوندی كەركوك لەنێویاندا گوندی تۆپزاوا و جەختیانكردۆتەوە كە لەسەر زەوییەكانیان یەكەی نیشتەجێبون بۆ ئەندامانی سوپا دروستدەكرێت، چونكە موڵكی وەزارەتی بەرگری عێراقن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×