ئاسایشی هەرێم: لەماوەی 4 مانگدا 667 كەس بەتۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون
  2023-05-29       242       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی چوار مانگدا 667 كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون و دەستیش بەسەر زیاتر لە 45 كیلۆ گرام ماددەی هۆشبەرو 530 كیلۆگرام حەبی هۆشبەردا گیراوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە رێكەوتی 23ی 1ی 2023 تا 22ی 5ی 2023، توانراوە 667 كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیربكرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو ژمارەیە 285 كەسیان بەتۆمەتی كڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون كە ژمارەیەكیان گەورە بازرگانن.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هاوكات دەستیش گیراوە بەسەر 45 كیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، 530 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن و دو هەزارو 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچای کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو رەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×