ئەژی ئەمین، یاریدهدهری راوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێم، لەپەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەوە دەڵێت"هەرکەس و لایەنێک پشتگیرى لەمامەڵەى ڕاستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات، خەونى داگیرکەران و دوژمنانى ئەم نەتەوەیە دەهێنێتەدى، لەبنەڕەتیشدا دژایەتى دروشم و ئامانجە باڵاکانى یەکێتى دەکات." دەشڵێت"یەکێتییە راستەقینەکان...هیچ کات خۆیان ناخەنە بەرەى خیانەت لە نەتەوەکەیان."
ئاوێنە: ئەژی ئەمین، لە پەیامەكەیدا وتویەتی"لەم ڕۆژانەدا هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت، کە هەوڵى نەزۆک هەن بۆئەوەى ئەزمونى هەرێمى کوردستان بخرێتە مەترسییەوە، بەشێوەیەک کە نەتەوەکەمان لەسەروەرى خاک و هەنگاو بۆ سەربەخۆییەوە بەرەو پەرت و پەرتەوازەکردن و دابەشکردنى بەسەر چەند پارێزگایەکدا خۆى ببینێتەوە."
بەقسەی ئەژی ئەمین "هەرکەس و لایەنێک پشتگیرى لەمامەڵەى ڕاستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات، خەونى داگیرکەران و دوژمنانى ئەم نەتەوەیە دەهێنێتەدى، لەبنەڕەتیشدا دژایەتى دروشم و ئامانجە باڵاکانى یەکێتى دەکات."
ئەو وتوشیەتی"گومانى تێدانییە، یەکێتییە راستەقینەکان و خەباتگێڕە نەبەردەکانى کورد هیچ کات خۆیان ناخەنە بەرەى خیانەت لە نەتەوەکەیان. هەرچەندە، لەمێژوى نیو سەدەى ڕابردودا زۆرجار هەوڵدراوە یەکێتى بەلارێدا ببرێت، لەنەتیجەدا یەکێتییە ڕاستەقینەکان سەرکەوتوبون لە مانەوەیان لەسەر ڕێڕەوى کوردایەتى. "
ئەژی ئەمین وتوشیەتی"بەپێویستى دەزانم لەم ساتەوەختە مێژوییەدا جەخت لە یەکپارچەیى و سەروەرى ئەزمونى هەرێمى کوردستان بکەمەوە، ئەوەش بە یەکدەنگى و کۆڕەنگى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و هەمو هێزو لایەنەکان و ناوخۆی یەکێتى و بە هەنگاوى ڕاشکاو و دڵسۆزانە بەدیدەهێنرێت."