دادگای ئەوروپا جارێكی دیكە داوای ئازادكردنی دەمیرتاش و یۆكسەكداغ دەكات
  2023-06-07       522       

لەیەكەم هەڵوێستی دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی ڕابردوی توركیا، داوای ئازادكردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە دەكات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا، دوابڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە ڕاگەیاندو دەڵێت: هەردووكیان پێشێلكارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

ئەو دادگا ئەوروپییە ڕاشیگەیاندووە، توركیا پێشێلكاریی لەمادەكانی چوارو پێنجی پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ لەئەوروپا كردووە. 

دوای بڕیارەكەی دادگای ئەوروپاش، هەدەپە لەهەژماری فەرمی تویتەری خۆی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو داوا لەدەسەڵاتدارانی توركیا دەكات، سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ ئازادبكرێن.

لەڕاگەیەندراوەكەی هەدەپەدا باس لەوەشكراوە، دووبارە دادگا بڕیاری پێشێلكردنی مافەكانی هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپەی داوەو تا بڕیارەكانی دادگا جێبەجێنەكرێن، تاوانەكان بەرامبەر بەدەمیرتاش‌و یوكسەكداغ بەردەوامیان دەبێت.

هەدەپە لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەیان بەوەشكردوە، “هەرچی زووە دەبێت دەمیرتاش‌و یوكسەكداغ‌و ئەندامانی دیكەی زیندانیكراو ئازادبكرێن”.

لەلایەن خۆیەوە مەرال دانش بێشتاش پەرلەمانتاری ئەرزرۆم لەتویتێكدا هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا كردووەو ڕایگەیاند، بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا بە هەند وەرناگیرێن، بەڵام پێویستە هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێن.

 بێشتاش باسی لەوەشكردووە، زیندانیكردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ، واتە بەلاوەنانی ئیرادەی ملیۆنان هاووڵاتی توركیا.

بڕیارەكەی دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا لە كاتێكدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە گوتاری سەركەوتنیدا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كە لە (28ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، رایگەیاند كە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×