سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی دوا بڕیار لەسەر بودجە دەدەن
  2023-06-07       297       

چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە سیاسییە شیعەکان کۆدەکاتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەیەکی "گرنگ" بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی بەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدات.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدای پایتەخت کە پێی باش نەبوە ناوی بهێندرێت ئاشکرایکردوە، "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند کاتژمێری داهاتودا کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن، بە بەشداری محەمەد شیاع سودانی و کۆبونەوەکەش لە نوسینگەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەبێت".

 کۆبونەوەکە بەمەبەستی دیاریکردنی سیغەیەکی کۆتایی بۆ پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدەدرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەکە بەمەبەستی دیاریکردنی سیغەیەکی کۆتایی بۆ پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدەدرێت پێش ئەوەی سبەی پێنجشەممە لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، هەر لەو کۆبونەوەیەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کە سەر بە کوتلەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین بەشدار دەبن. 

کۆبونەوەکە دوای چەند خولێک دێت لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندوە، "کۆبونەوەکە دوای چەند خولێک دێت لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێککەوتن بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک بڕگەی پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە دانیشتنێکی تایبەت بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ئەنجامبدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×