یەكشەممە دادگای فیدراڵی لەبارەی دو سكاڵای یەكێتییەوە كۆدەبێتەوە
  2023-06-07       976       

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەوە لە پەرلەمانی کوردستان، دو سکاڵای لە دادگای باڵای فیدراڵی لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تۆمارکردو بڕیارە یەکشەممەی داهاتو، یەکەم دانیشتنی دادگاکە لەبارەی دو سکاڵاکەوە بەڕێوەبچێت.

 ئاوێنە: بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتو، 11-6-2023، دادگاکە بۆ تاوتوێکردنی دو سکاڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کۆببێتەوە.

سکاڵای یەکەم، ژمارە 83/فیدیاڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکار (زیاد جەبار)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات، دادگا مادەکانی 1،9،15،22،36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستوری هەژمار بکات.

ئەو سکاڵایە لەسەر هەریەک لە"رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان" تۆمارکراوە.

سکاڵای دوەم، کە ژمارە 84/فیدراڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکار (زیاد جەبار)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات دادگا، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بەنایاسایی بزانێت و ئەندامیێتیان هەڵبوەشێنیتەوە، بەهۆی تەواوبونی ماوەی یاساییان.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبارەی سکاڵاکانەوە بە روداوی راگەیاند "سکاڵای یەکەم پەیوەندیی بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، ئێمە تانەمان لە بەشێک لە مادەکانی داوە بەتایبەت بابەتەکانی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەگشتی و کورسیی پێکهاتەکان، پێمانوایە دادپەروەری لە دابەشکردنی جوگرافی و نوێنەرایەتی نییە، دەبێت هاوسەنگی تێدابێت، هەروەها پێمانوایە سیستەمی یەک بازنەیی لە زۆر کەمی شوێنی دونیادا پەیڕەو دەکرێت و دەبێت بگۆڕدرێت، لەگەڵ ئەوانەشدا بابەتی تۆماری دەنگدەران، کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان تۆمارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە و جیاوازییەکە زیاتر لە 700 هەزار دەنگدەرە".

سەبارەت بە سکاڵای دومی یەکێتی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەم وتی"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کۆتایی مانگی رابردودا تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنیشی لەگەڵ هەڵوەشایەوەو ئەو سکاڵایە رەنگبێت زو بڕیاری لەبارەوە بدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×