جەمال كۆچەر: لایەنێكی كوردی هەوڵدەدات بڕگەی پاشەكەوتی موچە لە بودجە لاببرێت
  2023-06-07       728       

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لایەنێكی كوردی هەوڵی جدی دەدات بۆ ئەوەی بڕگەی پاشەكەوتی موچە لەنێو پڕۆژە یاسای بودجەدا لاببرێت. دەشڵێت، پێشبینی دەكەم ئەو بڕگەیە لاببرێت.

ئاوێنە: جەمال كۆچەر، كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبارەی كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بە میدیای حزبەكەی راگەیاند، لە دو حاڵەتدا كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت، یەكەم ئەگەر ڕێككەوتنێك بەشێوەی نوسراو لەنێوان لایەنەكان واژۆ بكرێت، دوەم ئەگەر پارەی گوازراوە (مناقلات) بەو شێوەیە داڕێژراو ڕێكەوتنی لە سەركرا كە بەدڵی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بێت، چونكە ئەو بڕە پارەیە هی وەزارەتەكانەو هەریەك لەو دو لایەنە دەیانەوێ‌ پشكی پارێزگاكانی خۆیانی تێدا جێگیرو دڵنیا بكەن.

لەبارەی بڕگەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، جەمال كۆچەر وتی"من پێشبینی دەكەم ئەو بڕگەیە لاببرێت، چونكە لایەنێكی كوردی لە ئەنجومەن لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم بڕگەیە لە پڕۆژە یاسای بودجە لابدات، هەرچەندە شیعە كێشەی نییە لەگەڵ بڕگەكە، چونكە جێبەجێكردنی ماددەكە لەسەر بنەمای هەمان ئەو پشكەیە كە بۆ هەرێم دیاریكراوە، نەك بڕێكی دیكە لە بودجەی هەرێم بۆ بابەتی پاشەكەوت زیادبكرێت. بۆیە ئەو لایەنە كوردییە هەوڵی جددی دەدات بۆ لابردنی ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×