دەوڵەتی یاسا: ئاگامان لە رێککەوتنی هەولێر و حکومەتی فیدڕاڵ نییە
  2023-06-08       767       

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی حوزەیرانی 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە کۆده‌بێتەوە و هێشتا ناکۆکییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌كراون، په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاساش ده‌ڵێ، ئاگایان له‌و رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نییه‌.

ئاوێنە: سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا راگەیاند: نوێنەرانی پارێزگاکانی باشووری عێراق لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێیانوایە لە پرۆژە یاسای بودجەدا ستەم لە پارزگاکانیان کراوە، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە.

مەتڵەبی باسی له‌وه‌شكرد: "پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پرۆژە یاسای بودجە گرفتێکی ترە، چونکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگای لەو رێککەوتنە نەبووە کە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بودجە ئەنجام دراوە".

بەهۆی ئەوەی هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام نەدراوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە گفتوگۆکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و رەنگە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دوابخرێت تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×