شارەزایەکی کەشناسی: لەم مانگەدا هیچ شەپۆلێکی گەرمای پڕوکێنەر لەئارادا نیە
  2023-06-09       297       

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە سبەینێ و رۆژی یەکشەممەوە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسکە لەهەندێک ناوچەی هەرێم هەیە و دەشڵێت، " تا ئێستا هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێز و پڕوکێنەر بۆ ئەم مانگە لەئارادانیە".

ئاوێنە: شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند "حاڵەتێکی تری ناسەقامگیری کەشوهەوا  تاوە باران و هەورە بروسکە ناوچە جیا جیاکان دەگرێتەوە لەمەودای ڕۆژانی داهاتو 10 بۆ 11 ی مانگ".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەئەنجامی مانەوەی مەوجێکی شێداری مەداری کەمەرەیی و لەگەڵیدا هاتنی بڕێک شێی دەریایی و بونی جەبهەی سارد یان حەوزی سارد لەچینەکانی هەوادا وادەکات هەور دروست ببێت بەتایبەت هەوری کەڵەبو، چڕبونەوە لەسەر بەشێک ناوچە ڕوبدات بەکاریگەری و بڕی جیاواز لەچەند ناوچەیەک ئەگەری بڕێک باران هەیە لەگەڵ ڕودانی هەورە بروسکە، هەروەها پلەکانی گەرما جێگیر دەبن، بەتایبەت لەو ناوچانەی بارانیان لێنابارێت، لەو ناوچانەشی ئەگەری بارانبارینیان هەیە 1-2 پلە نزم دەبنەوە".

دەشڵێت، "سەبارەت بەو ڕەشەبایەی کە لە بەیانی پێنجشەممەوە زیاتر هەڵیکردوە لەکاتژمێرەکانی داهاتودا بەرەو کۆتایی دەروات، سبەی بۆ ڕۆژانی دواتر بای شەماڵ چالاک دەبێت بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا تایبەت لەکاتەکانی پاشنیوەڕۆوە، هەروەها لەکاتی تاوە بارانیشدا خێرایی با زیاد دەکات".

لەبارەی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، شاڵاو هیدایەت باسی لەوەکردوە، "تا ئێستا هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێز و پڕوکێنەر بۆ ئەم مانگە لەئارادانیە هەروەها لەسەر نەخشەکانیش دەرنەکەوتوە، بەڵکو چەند بارستە هەوای فێنک لەم مانگە لەئارادان ".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×