ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ درێژەدان بە پەسەندكردنی بودجە كۆدەبێتەوە
  2023-06-10       668       

شەوی رابردو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، دوای پەسەندكردنی چەند ماددەیەكی دیكەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هەڵگیرا.

ئاوێنە: لە دانیشتنی شەوی رابردوی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 2ی دوای هەمواركردن پەسەندكرد و هەروەها دەنگی لەسەر ماددەكانی 9، 10، 11، 12، 13ی بودجە دا، كە لەماددەی 12دا پشكی هەرێمی كوردستان بە لەسەدا 12.67 دیاری كراوە.

پەرلەمانی عێراق بەهۆی بونی ناكۆكی دەنگدانی لەسەر ماددەكانی 14، 15، 16 و 17ی پڕۆژە یاساكە دواخست و دەنگیشی لەسەر ماددەكانی 18، 19، 20، 21، 22، 23 و 24ی بودجە دا.

پاش ئەوە دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ سەعات 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەڵگیرا.

بەگوێرەی رەشنوسی نوێی بودجە، سێ گۆڕانكاری لە ماددەكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستاندا كراوە، ئەوانیش بریتین لە، لابردنی بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە، گۆڕینی بڕگەی مامەڵەی حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕاستەوخۆ لەكاتی بونی ناڕەزایەتی بەوەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بابەتە لەرێگەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم چارەسەردەكات لەكاتی بونی ناڕەزایەتی، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە كە رێگرى لە حكومەتی هەرێم بۆ دەرهێنانى نەوت لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا ئەو کێڵگە نەوتانە نەگرێتەوە کە ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوتیان تێدا بەرهەم دەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×