د.ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین
پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
پێشه‌كى:
کاتێک وشەی ئه‌ڵماس(Diamond ) دەبیستیت یه‌كسه‌ر خه‌یاڵت بۆ ئه‌و خاوه به‌نرخه گرانبه‌هایه ده‌چێت، كه‌زۆربه‌ى خه‌ڵك نه‌یان دیوه! وشه‌ى دایه‌مۆند لهوشهیهكى گریكییه‌وه هاتووه، كه ئه‌ویش (adamas)، كه ماناى هێنده به‌هێزه ناكرێت بهسهریدازاڵ بیت، یان بیشكێنیت، كه ئه‌وه‌ش بێگومان باشترین سیفه‌تى جیاكه‌ره‌وه‌ى ئهڵماسە. لەوتاریکدا ساڵی 2009 باسم لە وردەکاری سیفات و پێکهاتەی ئەڵماسی سروشتی و ئەگەری بوونی لەکوردستان کردووە، کە لێرەدا پێویست ناکات ئەوزانیارییانە دووبارەبکرێتەوە، هەرخوێنەرێک ئارەزووی لێیە بیخوێنێتەوە دەتوانێت سەیری لیستی سەرچاوەکان بکات. لەم وتارەدا ئەوەم مەبەستە، کە چۆنێتی دروستبوونی ئەڵماس بەهەردوو جۆرەکەیەوە شەنوکەو بکەین، بەهیوام سوودمەندبێت.
پێكهاته و بنەچەى ئه‌ڵماس:
بەکورتی ئه‌ڵماس بریتییه له توخمی كاربۆنى خاوێن، كه لهوانهیهههندێك خاوى تر‌ى تێدابێت، به‌ڵام زۆر به‌كه‌مى. كریستاڵه‌كان ، یان بلوورەکانی ئه‌ڵماس، كه له‌سه‌ر سیسته‌مى شه‌شپاڵوو دروست ده‌بن، به‌گشتى شێوه‌یه‌كى ههشتلاى قوچه‌كى وه‌رده‌گرن و هه‌ندێكجار له‌وانه‌یه شهشپاڵووبن و ڕووى كریستاڵه‌كان له‌وانه‌یه خوارببنهوه. ئەڵماس له‌گشت خاوه‌كانى تر جیاده‌كرێته‌وه به پتهوییهكى(ڕهقێتییهكهى)، كه به‌رزترین ژماره وه‌رده‌گرێت له‌سه‌ر پێوه‌رى مۆهس ئه‌ویش ژماره 10 یه. ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى لهتبوونهكهى ههشتلاییهو بریسكهكهشى ئه‌ڵماسییه. كێشى جۆرییهكهى 3.5 و ڕه‌نگى هاڕاوهكهى، یان ڕه‌نگى ڕووشانى سپییه.
تاقیكردنه‌وه‌كان به ڕوونى ده‌ریان خستووه، كه بۆ دروستبوونى ئه‌ڵماس پله‌ى گه‌رمى و په‌ستانێكى یه‌كجار زۆر پێویسته، كه‌ئه‌مه‌ش له سروشتدا ته‌نها له قووڵایى نزیكه‌ى 150كم له ژێر ڕووى زه‌وییه‌وه به‌رهه‌م دێت، بێگومان ئه‌م قووڵییه ده‌گاته به‌شى دووه‌مى گۆى زه‌وى، كه ئه‌ویش كه‌وڵ (Mantle )ه. له ژێر ئه‌م بارودۆخه‌دا، ئهوكاربۆنهى، كه شێوه‌ى ڕیزبوونه گه‌ردیله‌كانى شه‌شلایه، واته گرافایته دووباره ڕیزبوون ڕووده‌داته‌وه و له شێوه‌یه‌كى زۆر به‌هێزتر و پته‌وتردا خۆى ڕیزدهكاتهوه، كه ئه‌ویش ئه‌ڵماسه. بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕەوشتەکان وشوێن و بارودۆخی دروستبوونی ئەڵماس دەتوانیت سوود لە پەڕتووکی بنەماکانی زەویناسی وەربگریت ( بنواڕە لیستی سەرچاوەکان).
ده‌رهێنانى ئه‌ڵماس:
ده‌رهێنانى ئه‌ڵماس له كهڤرى كیمبرلایت، كه قووڵییهكهى زۆر زۆره ته‌نیا بهههڵكهندن ئه‌نجام ده‌درێت، واته هه‌ڵكه‌ندنى كه‌ڤره‌كان و پاشان شكاندن و ئینجا جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌ڵماسه‌كه دێت. به‌ڵام هه‌ندێك جار سروشت خۆى ئه‌ڵماسه‌كه ده‌هێنێته سه‌ر زه‌وى. کیمبرلایت: زاراوەیەکە بۆ کەڤری ئاگرینی گڕکانی کەمسلیکای فرە مەگنیسیۆم بەکاردێت، کە بڕێکی زۆری خاوی ئۆلیڤین لەخۆدەگرێت و بەگشتی تێکەڵەیەکە لە خاو وشلەی گڕکانی و پارچەی کەڤرەکان. له‌وشوێنانه‌ى كه كیمبرلایت له‌سه‌ر زه‌وى ده‌ركه‌وتووه بۆماویهكى جیۆلۆجى زۆر، واتە ملیۆنان ساڵ، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ى كارلێكردنى له‌گه‌ڵ ئاو و هه‌وادا (واتە كهشاندنى كیمیایى) واده‌كات، كه خاوه‌كانى كهڤرى كیمبرلایت پارچه‌پارچه ببن و جیاببنه‌وه و ببنه ده‌نكۆڵه‌ى ناو ڕوباره‌كان. به‌هۆکاری پته‌وى خاوی ئه‌ڵماس و خۆڕاگرتنى به‌رامبه‌ر كرداره‌كانى كهشكارى و داخوران له‌ناو لم و چه‌وى ڕوبارهكاندا ده‌دۆزرێته‌وه. ئه‌مه‌ش واده‌كات، كه بهساكارى وئاسانى ئه‌ڵماس له لیته‌ى ڕوبارهكاندا بدۆزرێته‌وه ئه‌گه‌ر گه‌ڕان بۆی ئه‌نجام بدرێت ، بەڵام بێگومان هەموو ڕوبارێک نا!
ئه‌ڵماسى ناو كیمبرلایت له زۆر جێگه‌ى دنیادا هه‌یه، بۆنموونه باشوور و ناوه‌ڕاستى كیشوه‌رى ئه‌فریكا (نزیكه‌ى 49% ئه‌ڵماس دابین ده‌كه‌ن) و سایبریا و باكوورى كه‌نه‌دا و هیند و به‌رازیل و بۆرنیۆ و ئۆسترالیا و ئه‌مریكا. بێگومان گشت جۆرى ئه‌ڵماس وه‌ك یه‌ك به‌نرخ نیین، واته به پێى پاكى و ڕوونى و ڕاده‌ى كریستاڵیی و قه‌باره‌كه‌ى نرخه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت.
ئەڵماسی دەستکرد چۆن دروست دەکرێت؟
یەکەم جار هەوڵی دروستکردنی ئەڵماسی دەستکرد لەلایەن د.ئیریک لوندبلاد بوو، کە لە تاقیگەکانی توێژینەوەی زانستی لە وڵاتی سوید ساڵی 1953 ئەنجامدرا. ئەوبارودۆخی تاقیگەییەی، کە ئەڵماسەکەی تێدابەرهەمهات بریتی بوو لە پلەی گەرمی2700 پلەی سیلیزی و پەستانی 78کیلۆباڕ. لەڕاستیدا ئەم داهێنانە تۆمارنەکرا، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی، کە ئێشتا بارودۆخەکە تەواو ڕوون نەبوو! ساڵی 1955 کۆمپانیای جێنێراڵ ئیلیکتریک بەرهەمهێنانی ئەڵماسی وردی دەستکردی دەستپێکرد. وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆدەکەن، دووڕێگەهەیە بۆ دروستکردنی ئەڵماس، یەکەمیان بە نیشتنی هەڵمی کیمیایی (Chemical Vapor Deposition-CVD ) و دووەمیان بە پلەی گەرمی و پەستانی بەرز (High Pressure High Temperature-HPHT ) دەناسرێن. ئەمەی دووەمیان، ڕێگەیەکی کۆنترە و تێیدا کاربۆنی زۆرپاک لەناو شەشپاڵوویەکی کانزاییدا دەخرێتە ژێرپەستان و پلەی گەرمی زۆر بەرز، ئەمەش وادەکات، کە کاربۆنەکە تێکبشکێت و کریستاڵی ئەڵماس بەرهەمبێت. لەم ڕێگەیەدا ئەو ئەڵماسەی بەرهەمدێت ئەگەر هەرتۆزقاڵە کانزایەکی وەک خڵتە تێدا بێت ئەوا بەچاوی ئاسایی نابینرێت! هەرچی ڕێگەی یەکەمە واتە نیشتنی هەڵمی کیمیایی، لەئێستادا زۆرتر بەکاردێت، کە تێیدا گازی کاربۆن لەناو ژوورێکی داخراودا و بە بوونی تۆوە ئەڵماسێک بۆ 800 پلەی سیلیزی گەرم دەکرێت و ئەمەش وادەکات، کە گازی کاربۆن بەبەردەوامی بنووسێت بە تۆوە ئەڵماسەکە و بەمەش قەبارەکەی گەورەدەبێت. گەشەکردنی ئەڵماسی دەستکرد نزیکەی 6 بۆ 10 هەفتەی دەوێت تا لە تاقیگەدا دروستببێت، ئەم کاتەش زۆر نییە بەبەروارد بە ئەڵماسی سروشتی، کە ئێستا لە کانەکانی ئەڵماسدا دەردەهێنرێت بەنزیکی پێش 1 بلیۆن بۆ 3.3 بلیۆن ساڵ دروستبووە! لەئێستادا ئەم ڕێگەیە بۆ ڕووپۆشکردنی شووشە و سلیکۆن بەکاردێت، کە ئەم چینە تەنکەش شووشەکە پارێزراو دەکات، بۆ نموونە بۆ دروستکردنی شووسەی فڕۆکەی جەنگیی.
ئایا ئەڵماسی دەستکرد ، ئەڵماسێكی ڕاستەقینەیە؟
ئەوئەڵماسەی، کە لە تاقیگەدا بەرهەمدێت، هەمان ڕەوشتی فیزیای و کیمیای و بلووری و بینراوەیی ئەڵماسی سروشتی ( ئەوەی کەلەناو زەویدا دروستدەبێت) هەیە و هەربۆیەش نرخەکەی گرانە و هەربە ئەڵماسێکی ڕاستەقینە دادەنرێت! بەهای ئەڵماس زۆر گرانە، چونکە بڕین و لووسکردنی زۆر زەحمەتە و بە ئاسانی ناکرێت و کارسازی زۆر بەئەزموون و شارەزای دەوێت.
قه‌باره و جۆرى ئه‌ڵماس:
به‌هاى ئه‌ڵماس له ڕووى جۆرییه‌وه له قه‌باره‌كه‌یه‌وه وه‌رده‌گیرێت. پێوانه‌ى ئه‌ڵماسیش بهقیرات (Carat ) ده‌بێت( 1قیرات=200میلیگرام=0.2 گرام، هه‌روه‌ها 1 ئاونس=142قیرات). وەک زانیارییەک ده‌بێت قیرات له‌گه‌ڵ عەیارە تێکەڵ نەکەین، عه‌یاره (Karat ) كه پله‌ى پاكى زێڕ پیشان ده‌دات، بۆ نموونە زێڕی پاك عهیارهكهى 24 به‌ڵام زێڕی عه‌یاره 18 واته داڕشتهیهكه(Alloy ) ، كه له 18 به‌ش له زێڕ و 6 به‌شى تر‌ى له كانزاكانى تر پێكدێت.
ئه‌ڵماس ساڵانه لهكانهكانهوه بەسەدان هەزار قیرات به‌رهه‌م دێت، بۆ نموونە وڵاتی ڕوسیا تەنیا بۆ ساڵی 2004 بڕی 35.6 ملیۆن قیرات و وڵاتی کەنەدا 12.3 ملیۆن قیراتی بەرهەمهێناوە . هه‌روه‌ها نزیكه‌ى 100 هەزار كگم ساڵانه به‌شێوه‌یه‌كى ده‌ستكرد له‌تاقیگه‌كاندا دروست ده‌كرێت. بەرهەمهێنانی ئەڵماسی دەستکرد لە ساڵی 2008دا نزیکەی 559 ملیۆن قیرات بوو!
گه‌وره‌ترین ئه‌ڵماس، كه تا ئێستا دۆزرابێته‌وه ناوده‌برێت به ئه‌ڵماسى كوڵینان و له‌ساڵى 1905 له ئه‌فریكاى باشوور دۆزراوه‌ته‌وه، كێشه‌كه‌ى 3106 قیرات بوو( واته 621گرام) پێش بڕین. پاشان بڕدراوه بۆ یه‌ك گه‌وهه‌رى گه‌وره، كه كێشه‌كه‌ى 516 قیرات بوو و چه‌ند دانه‌یه‌كى بچووك. بۆزانیاریت كێشى ئه‌و ئهڵماسهى، كه له‌سه‌ر مستیلهیهكى بووكێنى داده‌نرێت له 1 قیرات كه‌متره. بێگومان ئه‌ڵماس خاوێكى به‌نرخى ده‌گمه‌نه، به‌ڵام دهگمهنییهكهشى به‌و ڕاده‌یه نییه، كه نرخى ئاوا بەوشێوەیە به‌رزبێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ى جیهانى بۆبه‌رهه‌مهێنانى ئه‌ڵماس هه‌میشه به‌شێكى زۆرى وه‌ك یه‌ده‌ك هه‌ڵده‌گرن له پێناو ئه‌وه‌ى، كه بازاڕ پڕنه‌بێت له ئه‌ڵماس و نرخه‌كه‌ى دابه‌زێت.
نرخی ئەڵماس چەندە؟
لەئێستادا تێکڕای نرخی یەک قیراتی ئەڵماس نزیکەی 4896 دۆلاری ئەمریکی دەبێت. نرخی یەک قیرات لە 1617 دۆلارەوە دەستپێدەکات و بۆ 11454 دۆلار دەڕوات، ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆجیاوازی لە شێوە و ڕەنگ و ڕوونیی وبریسکە و قەبارە و چەندین سیفاتی تری ئەڵماسەکە.
سه‌رچاوه‌كان:
-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، ٢٠١٣ ، بنەماکانی زەویناسی، زانکۆی سلێمانی، چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، ٣٥٤ل.
-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین ، ٢٠٠٩، ئەڵماس چوَن دروست دەبێت؟ , گوَڤارى خاك, جولاى 2009 , ژمارە 145, ل 44-46 . هەروەها بنواڕە ماڵپەڕی: www.khak.org
-Hamblin, W.K., and Christansen, E.H., 2004, Earth's Dynamic Systems, 10th Edition, Pearson,
Prentice Hall, New Jersey, 759p
-Klein, C, and Dutrow, B., 2008, Mineral Science, 23rd ed., John Wiley and Sons Inc., 675p.
-Perkins, D., 2002, Mineralogy, Prentice-Hall of India, New Delhi, 483p.
-Smith, G.A., and Pun, A., 2006, How does earth work?, Pearson Prentice Hall, New Jersey, 641p.