بانكی ناوەندیی عێراق: قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی و قەرزی ناوخۆیی بەرزبۆتەوە
  2023-07-15       405       

جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق بۆ 113 ملیار دۆلار بەرزبۆتەوەو هاوكات قەبارەی قەرزی ناوخۆییش بۆ 70 ترلیۆن دینار بەرزبۆتەوە.

ئاوێنە: عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی كۆنفرانسی ساڵانەی دارایی و خزمەتگوزارییە بانكییەكاندا، وتەیەكی پێشكەش كردو وتی، دەرفەتی زۆر لەبەردەم ئابوریی عێراق و بانكی ناوەندی و حكومەت و كەرتی تایبەتدا هەن، یەكێك لەوانە بەرزبونەوەی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانییە كە گەیشتۆتە 113 ملیار دۆلار.

ئەوەشی خستۆتەڕو، وێڕای دەرفەتەكان، ئاڵەنگاریش لەبەردەم ئابوریی عێراقدا هەن، لەوانە پەسەندكردنی بودجە بەو قەبارە گەورەیەو هەروەها ئەو كورتهێنانەی زۆرەی كە تێیدایەو دەگاتە 64 ترلیۆن دینار، ئەوەش بۆخۆی ئاڵنگارییەكە لەبەردەم ئابوریی عێراقدا بەتایبەت لەبەردەم بانكی ناوەندیدا.

ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێك لە ئاڵەنگارییەكانی دیكە قەبارەی قەرزیی ناوخۆییە كە گەیشتۆتە 70 ترلیۆن دینار كە ئەوەش ئاڵەنگارییەكە لەبەردەم دەسەڵاتی نەختینەیی و هەروەها دەسەڵاتی داراییدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×