پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی سبەینێی بڵاو كردەوە و بەپێی کارنامەکە، لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوە بۆ شەش پرۆژە یاسایەك دەكرێت لەوانە، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسایی پارێزگاری لە بەرهەمێنانی پیشەسازی كەرتی تایبەت و حكومی لە نێوان عێراق و سعودیە دەكرێت.
ئاوێنه: پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستی كردووە بەدانیشتنەكانی خولی دووەم و خوێندنەوەی بۆ چەند پرۆژە یاسایەك كرد، چاوەڕوان دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا خوێندنەوە بۆ یاسای نەوت وغاز بكرێت، كە كێشەیەكی گەورەی نێوانی حكومەتی هەرێم و بەغدایە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، سبەی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت، لەوانە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای پاراستن و دەستەبەركردنی مافی فەرمانبەرانی حكومەت.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسایی پارێزگاری لە بەرهەمێنانی پیشەسازی كەرتی تایبەت و حكومی لە نێوان عێراق و سعودیە دەكرێت، هەروەها خوێندنەوە بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزارییەكان لە ڤیزەی چوونە ژوورەوەی نێوان عێراق و حكومەتی قوبرس دەكرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، بڕیارە سبەی كاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.
