سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەناو خاكی وڵاتەكەی وەك هێزێكی شەڕكەر، رەت دەكاتەوە و دەڵێ، ئەوە بەپێی رێككەوتنەكان و دەستووری عێراق، رەتكراوەیە.
ئاوێنه: "ئەهرام" كە پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەلئەهرام"ی میسرییە، ئەمڕۆ چوارشەممه 19ی تەمووز، هەواڵەكەی لە كەناڵی "سۆمەرییە" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "سۆمەرییە" گوتوویەتی، مانەوەی ئەمەریكا لەناو عێراق وەك هێزێكی شەڕكەر، نادەستوورییە و رەتكراوەیە.
مالیكی زیاتر روونی كردووەتەوە، مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەناو خاكی عێراق، پێچەوانەی ئەو رێككەوتنەی كراوە و هاوكات بەپێی دەستوور، بەهەموو شێوەیەك رەت دەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمەریكا "وەك راوێژكار" لە عێراق بمێنێتەوە، ئەوكات مانەوەكەی ئاسایی دەبێت.
مالیكی زیاتر وتوویەتی، هەڵوێستی عێراق وەك دەوڵەتێك لەناو ململانێیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە و بەپێی دەرفەتەكان، وەبەرهێنان دەكات و لە بازاڕی كاردا رۆڵی گرنگ دەبینێت.
دواتریش لەبارەی گەندەڵی لە عێراق و چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی وتوویەتی، هەموو كاتێك دروشمی نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراقدا بەرز كراوەتەوە، بەڵام جیاوازییەكەی لەوەدایە كە كام دەسەڵات ئەو دروشمە جێبەجێ دەكات و چۆن رووبەڕووی گەندەڵكاران دەبێتەوە، ئەوەی ئەم حكوومەتە تا ئێستە كردوویەتی "حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی"، ژمارەیەك گەندەڵی رووبەڕووی یاسا كردووەتەوە و چاوەڕێ دەكرێ لەوەش زیاتر بكات.