نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق ناسراو بە یونامی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، دەبێت هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەركۆنە بكرێت. دەشڵێت: بەرەنگاربونەوەی گوتاری رق و كینە بە توندوتیژی سودی بۆ هیچ لایەك نابێت.
ئاوێنە: نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لەبارەی سوتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، رایگەیاند"هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دەبێت سەرکۆنە بکرێت."
یونامی وتوشیەتی"گردبونەوەی ئاشتییانە مافێکی بنەڕەتییە، سەلامەتیی هەموان و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننامەی ڤیەنا پێوێستە بکرێتە کاری لەپێشینە. بەرەنگاربونەوەی گوتاری ڕق و کینە بە توندوتیژی، سودی بۆ هیچ لایەک نابێت."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، خۆپێشاندەران لە بەغدا چونە سەر باڵیۆزخانەی سویدو ئاگریان تێ بەردا.
ئەوەش دوای ئەوە هات كە برپرسانی سوید، رەزامەندییان دا لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم گردبونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسوتێنرێن.