سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دەركردنی باڵیۆزی سوید لە بەغداو كشاندنەوەی هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی راسپاردوە بە كشاندنەوەی هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم و هەروەها وەزارەتەكەشی راسپاردوە كە داوا لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا بكەن كە خاكی عێراق جێبهێڵێت، ئەوەش لەوەڵامی دوبارە رێگەدانەوەی حكومەتی سوید بە سوتاندنی قورئان و بێڕیزی بە پیرۆزییەكانی ئیسلام و سوتاندنی ئاڵای عێراق.
دوابەدوای بڕیارەكەی سودانی، لەلای خۆیەوە ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید راسپێردرا بۆ كشانەوە لەو وڵاتەو هەروەها باڵیۆزی سویدیش لە عێراق ئاگاداركرایەوە كە خاكی عێراق بەجێبهێڵێت.