ئەمریكا: هێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگرییان لە خۆپیشاندەران نەكردوە بۆ هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید
  2023-07-20       707       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دەكات و دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگرییان لە خۆپیشاندەران نەكردوە لەكاتی هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەكەو ئەوەش "جێی قبوڵكردن نییە."

ئاوێنە: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دەكات كە لە سەعاتەكانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20ی تەمموز رویدا."

وتوشیەتی"ئازادیی گربونەوەی ئاشتیانە یەكێك لە كۆڵەكە بنەڕەتییەكانی دیموكراسییەت، بەڵام ئەوەی لە هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی سویددا رویدا، كردەوەیەكی توندوتیژیی نایاسی بو."

ماتیۆ تولەر جەختی كردۆتەوە"جێگەی قبوڵكردن نییە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق نەجوڵاون بۆ رێگریكردن لە خۆپیشاندەران لە دوبارە هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی سویدو زیان پێگەیاندنی."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوبەشە سویدییەکانمان و پشتگیری خۆمانمان بۆ خستونەتەڕو، نابێت نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان بكرێنە ئامانجی توندوتیژی."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە حکومەتی عێراق كردوە "ڕێز لە پابەندبونە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بگرێت بۆ پاراستنی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لە بەرامبەر هەر هەڵكوتانەسەرو زیانپێگەیاندنێك، ئەوەش وەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هاتوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×