لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی پێکھاتەی مەسیحییەکان و ئاینەکانی دیکە کۆبوەوه‌و رایگەیاند، پشتیوانی ھیچ لایەنێک لەدژی لایەنێکی دیکە ناکات.
ئاوێنه: به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، لەتیف رەشید لەو کۆبونەوەیەدا کە لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ پێکھاتە و ئاینەکان لە عێراق دەربڕی لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانەو برایەتی، جەختیشی کردەوە لەوەی سەرۆکایەتی کۆمار راوێژکارێک بۆ بەدوادچوون بۆ کاروباری پێکھاتە و ئاینەکان دیاری دەکات.
سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەشی بەوەکردووه، پشتیوانی ھیچ لایەنێک لەدژی لایەنێکی دیکە ناکات.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا باس لە کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣ کرا و له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، "ئەنجومەنی پێکھاتەی مەسیحی و ئاینەکانی دیکەش جەختیانکردەوە سەرۆکایەتی کۆمار داکۆکیکاری سەرەکییانە و لەگەڵ یەکگرتوویی گەلی عێراقن بە سەرجەم پێکھاتەکانەوە، لەگەڵ ھەموو رێکارێکیشن کە لەگەڵ دەستور و یاسا بگونجێت."
چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومێكی كۆماریی ساڵی 2013ی هەڵوەشاندەوە كە جەلال تاڵه‌بانی لەكاتی سەرۆكایەتییەكەیدا دەریكردبو، به‌وه‌ش كێشه كه‌وته نێوان مه‌سیحییه‌كانی عێراقه‌وه.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌رسومه‌كه بووه هۆی لابردنی (لویس روفایل ساكۆ) كه له‌ساڵی 2013وه وەكو پاتریاكی بابلی كلدانەكان لە عێراق‌و جیهان‌و بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لە عێراق ناسێنراوه، به‌وه‌ش ساكۆ بەغدادی بەرەو هەولێر بەجێهێشت.