"زۆرینەی ئەو بانكە عێراقییانەی تۆمەتبارن بە شتنەوەی پارەو بەقاچاخبردنی دۆلار بانكە ئیسلامییەكانن"
  2023-07-26       408       

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، دەڵێت، عێراق لە ژمارەی بانكی ئەهلیدا یەكەمە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەشڵێت، زیاتر لە نیوەی ئەو بانكە عێراقییانەی تۆمەتبارن بە شتنەوەی پارەو بەقاچاخبردنی دۆلار بانكە ئیسلامییەكانن كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك وتویەتی،  تێكڕای ژمارەی بانكەكان لە عێراق 81 بانكن، لەوانە 7 بانكیان حكومی و 74 بانكیان ئەهلین، واتە بانكە ئەهلییەكان رێژەی لەسەدا 91ی  تێكڕای ژمارەی بانكەكان لەعێراق پێكدەهێنن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، كە ژمارەی بانكە ئەهلییەكان لە عێراق لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرزترین رێژەیە، بەشێوەیەك كە لە توركیا 43 بانك، لە میسر 41 بانك، لە سعودیە 31 بانك، لە ئێران 30 بانك، لە ئوردن 26 بانك و لە جەزائیر 20 بانك هەن.

هەروەها وتوشیەتی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ژمارەی بانكە تۆماركراوەكان لە دەوڵەتێكی گەورەی وەك بەریتانیا تەنیا 54 بانكە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بانكە ئیسلامییەكان لە عێراق رێژەی زیاتر لە یەك لەسەر سێی بانكەكانی عێراق پێكدەهێنن و ژمارەیان 29 بانكی ئیسلامییەو وتوشیەتی، بانكە ئیسلامییەكان زیاتر لە نیوەی كۆی گشتی ئەو بانكانەش پێكدەهێنن كە تۆمەتبارن بە شتنەوەی پارەو بەقاچاخبردنی دۆلار‌و لەلایەن ئەمریكاوە سزادراون كە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی سەرچاوەی سەرەكی قازانجەكانیانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×