پارێزگاری بانكی ناوەندی: بەرزبونەوەی نرخی دۆلار كاتییە
  2023-07-26       522       

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق پێی وایە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا ئەوەیە كە هەندێك لە بازرگانان ناچنە نێو پلاتفۆڕمی ئەلیكترۆنییەوە كە كەناڵی رەسمییە بۆ فرۆشتنی دۆلارو دەشڵێت، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار كاتییە.

ئاوێنە: عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتوێژێكدا لەگەڵ ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی، رایگەیاند"ئەو بەرزبونەوەی لە نرخی دۆلاردا هەیە بە مانای بەرزبونەوە نییە لە نرخی رەسمی دۆلاردا كە هێشتا وەك خۆیەتی، بەڵكو بەرزبونەوەكە لە نرخی دۆلاری كاش لە بازاڕدا رویداوەو ئەوەش هۆكارەكەی نەبونی خواستە لای هەندێك لە بازرگانان بۆ هاتنە نێو پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كە ئەوە كەناڵێكی رەسمییە بۆ فرۆشتنی دۆلارو پێویستی سیستمە نوێكەیە."

وتوشیەتی"هەندێك بازرگان هەن نایەنە نێو پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكە لەبەرئەوەی چالاكی دارایی نامەشروعیان هەیە."

جەختیشی كردۆتەوە "بانكی ناوەندیی بەردەوامە لە دابینكردنی دۆلار بە نرخی رەسمی و دابینكردنی بۆ تەواوی مامەڵەكان."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "دەبێت پلەیەكی باڵای نوێنەرایەتی پێودانگەكانی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی بكەین لەپێناو گەرەنتیكردنی سەلامەتی سیستمە داراییەكەماندا."

وتوشیەتی، رێكخستنی بازرگانیی دەرەكی دەكەوێتە دەرەوەی كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، پشت بە كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتی دەبەستین بۆ پێداچونەوە بە كردەكانی جوڵەی پارە.

بەپێی قسەی پارێزگاری بانكی ناوەندی، دابین نەكردنی سەرجەم ئەو خواستانەی لەسەر دۆلار هەن هۆكارەكەی ئەوەیە بازرگانان ناچنە نێو پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكە.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رۆژانە بەتێكڕا 155 ملیۆن دۆلار دەفرۆشن و یەدەگێكیان هەیە كە دەتوانێت سەرجەم خواستەكان لەسەر دۆلار دابین بكات.

وتوشیەتی"كێشەكە ئەوەیە بەشێك لەوانەی دەیانەوێ دۆلار بكڕن رێگە راستەكە ناگرنەبەر كە كڕینە لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە داوە كە "حكومەت رەزامەندی داوە لەسەر پێشنیارمان بۆ سوككردنی رێكارەكانی باج بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا كاتییە."

هەروەها وتوشیەتی"ئەو سزایانەی بەسەر 14 بانكی ناوخۆدا سەپێنراون لەسەردەمی ئەم حكومەتەی ئێستادا نەبوە."

بەپێی قسەی عەلی عەلاق "هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی لایەنی ئەمریكی بانكی دیكەی عێراقی بخاتە نێو لیستی سزاكانی."

هەروەك وتوشیەتی"دیارەی دەڵاڵەكان هەیە لە بازاڕدا كە لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی  دەنگۆوە قەیرانی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار دروست دەكەن."

وتوشیەتی، بانكی ناوەندی بەردەوامە لە پێشكەشكردنی پاكێجی رێكخستنەوە بۆ سەقامگیركردنی بازاڕو هەروەها كەناڵێكی راستەوخۆمان بۆ كردەی حەواڵەكردن لەگەڵ وڵاتی چین كردۆتەوە.

هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو، كاركردن بەردەوامە بۆ رێكخستنی نێوانی عێراق و ئێران و ئەمریكا لەبارەی پێدانی شایستە داراییەكانی ئێران لە هاوردەكردنی غاز.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەزمونی پارەدانی ئەلیكترۆنی نزیكە لەسەركەوتن و كاردەكەین لەسەر رێكارەكانی مامەڵەكردن لەڕێگەی پێدانی پارە لە مۆبایلەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەداوە كە قەبارەی قەرزی نێوخۆی عێراق گەیشتۆتە نزیكەی 65 ترلیۆن دینارو قەبارەی قەرزی دەرەكیش نزیكەی 20 ملیار دۆلارەو یەدەگی عێراقیش زیاتر لە 113 ملیار دۆلارە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×